¹ لەدوای ماوەیەک خودا ئیبراهیمی تاقیکردەوە. پێی فەرموو: «ئیبراهیم!» ئەویش گوتی: «ئەوەتام.» ² ئینجا خودا فەرمووی: «ئیسحاقی کوڕە تاقانەت، ئەوەی کە خۆشت دەوێت، ببە و بڕۆ بۆ خاکی مۆریا. لەوێ لەسەر یەکێک لە کێوەکان کە خۆم پێت دەڵێم، بیکە بە قوربانی سووتاندن.» ³ بۆ بەیانی ئیبراهیم زوو لە خەو هەستا و گوێدرێژەکەی کورتان کرد. لەگەڵ خۆیدا دووان لە خزمەتکارەکانی و ئیسحاقی کوڕی برد. دوای بڕینەوەی دار بۆ قوربانی سووتاندن، هەستا و بەرەو ئەو شوێنە چوو کە خودا پێی فەرمووبوو. ⁴ لە ڕۆژی سێیەم ئیبراهیم چاوی هەڵبڕی و لە دوورەوە شوێنەکەی بەدی کرد. ⁵ ئیتر بە دوو خزمەتکارەکەی گوت: «ئێوە لێرە لەگەڵ گوێدرێژەکە دانیشن، من و کوڕەکەش هەتا ئەوێ دەچین، کڕنۆش دەبەین و دەگەڕێینەوە لاتان.» ⁶ ئیبراهیم داری قوربانی سووتاندنەکەی هەڵگرت و خستییە سەر پشتی ئیسحاقی کوڕی، خۆشی ئاگر و چەقۆکەی هەڵگرت. کاتێک هەردووکیان پێکەوە ڕۆیشتن، ⁷ ئیسحاق بە ئیبراهیمی باوکی گوت: «باوکە!» ئەویش وەڵامی دایەوە: «ها کوڕم؟» ئیسحاق گوتی: «ئەوەتا ئاگرەکە و داری سووتاندنەکە، ئەی کوا بەرخەکە کە بۆ قوربانی سووتاندنەکەیە؟» ⁸ ئیبراهیم وەڵامی دایەوە: «خودا خۆی بەرخی قوربانی سووتاندنەکە دابین دەکات، کوڕم.» ئیتر هەردووکیان پێکەوە ڕۆیشتن. ⁹ کاتێک گەیشتنە ئەو شوێنەی کە خودا پێی فەرمووبوو، ئیبراهیم قوربانگایەکی دروستکرد و دارەکانی لەسەر ڕێکخست. ئینجا ئیسحاقی کوڕی بەستەوە و خستییە سەر دارەکانی سەر قوربانگاکە. ¹⁰ ئیتر ئیبراهیم دەستی درێژکرد و چەقۆکەی هەڵگرت تاکو کوڕەکەی خۆی سەرببڕێت. ¹¹ بەڵام فریشتەی یەزدان لە ئاسمانەوە بانگی کرد و گوتی: «ئیبراهیم! ئیبراهیم!» ئەویش وەڵامی دایەوە: «ئەوەتام.» ¹² پێی گوت: «دەست بۆ کوڕەکە مەبە و هیچی لێ مەکە. ئێستا دەزانم تۆ لە خودا دەترسیت، چونکە لە پێناوی من دەستت بە کوڕە تاقانەکەتەوە نەگرت.» ¹³ ئیبراهیم چاوی هەڵبڕی و بینی وا بەرانێک لەدوایەوە لەناو دەوەنەکە بە هەردوو قۆچی گیربووە. ئیبراهیم چوو و بەرانەکەی گرت و لە جیاتی کوڕەکەی کردییە قوربانی سووتاندن. ¹⁴ ئیتر ئیبراهیم ئەو شوێنەی ناو نا، «یەزدان دابینی دەکات». هەتا ئەمڕۆش دەگوترێت، «لەسەر کێوی یەزدان، دابین دەکرێت.» ¹⁵ فریشتەکەی یەزدان جارێکی دیکە لە ئاسمانەوە ئیبراهیمی بانگکرد و ¹⁶ گوتی: «یەزدان دەفەرموێت سوێندبێت بە خۆم، لەبەر ئەوەی تۆ ئەمەت کرد و دەستت بە کوڕە تاقانەکەتەوە نەگرت، ¹⁷ بێگومان بەرەکەتدارت دەکەم و نەوەکەت وەک ژمارەی ئەستێرەکانی ئاسمان و وەک لمی سەر کەناری دەریا زۆر دەکەم. نەوەت دەبێتە میراتگری دەرگای دوژمنەکانی. ¹⁸ لە ڕێگەی نەوەی تۆشەوە هەموو نەتەوەکانی سەر زەوی بەرەکەتدار دەبن، چونکە تۆ گوێڕایەڵی فەرمایشتەکەی من بوویت.» ¹⁹ ئینجا ئیبراهیم گەڕایەوە لای دوو خزمەتکارەکەی. ئیتر هەستان و پێکەوە چوونە بیری شابەع. ئیبراهیم لە بیری شابەع نیشتەجێ بوو.
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر © مافی چاپکردن پارێزراوە ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ لەلایەن ببلیکا Biblica® Open Kurdi Sorani Standard Version™ Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc. «Biblica» "ببلیکا" نیشانەی بازرگانییە کە لە لایەن ڕێکخراوی ببلیکاوە لە نووسینگەی مافنامە و نیشانەی بازرگانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا تۆمار کراوە. بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Used with permission. Kurdi Sorani Standard™, Audio Edition. Audio Copyright ℗ 2020 by Biblica, Inc. and Davar Partners International. All rights reserved worldwide.
0:00
0:00