¹ بەڵام ئەوانەی لەژێر گوشار بوون لە تاریکی تەنگانەدا نامێنن، وەک سەردەمی پێشوو خاکی زەبولون و خاکی نەفتالی زەلیل کردەوە، سەردەمی کۆتایی ڕێز لە جەلیلی ناجولەکەکان دەگرێت، ئەوەی لە ڕێگای دەریایە، ئەوبەری ڕووباری ئوردون. ² ئەو گەلەی لە تاریکیدا دەڕۆیشت، ڕووناکییەکی گەورەی بینی، دانیشتووان لە خاکی سێبەری مەرگ ڕووناکی بەسەریاندا هەڵهات. ³ ئەو نەتەوەیەت زۆر کرد و خۆشییەکی گەورەت پێی بەخشی، لەبەردەمت دڵخۆش بوو وەک خۆشی کاتی دروێنە، وەک ئەوانەی شاد دەبن بە دابەشکردنی دەستکەوت. ⁴ لەبەر ئەوەی نیری بارگرانی ئەو و داری پشتی ئەو و کوتەکی بێگاری پێکردنی ئەوت وەک ڕۆژی میدیان شکاند. ⁵ هەموو پۆستاڵی جەنگاوەران لە گەرمەی شەڕدا و بەرگی لەناو خوێن گەوزاو بۆ سووتان دەبێت، سووتەمەنییە بۆ ئاگر، ⁶ چونکە کوڕێکمان دەبێت، کوڕێکمان پێدەدرێت و سەرکردایەتی دەکەوێتە سەرشانی. ناوی لێ دەنرێت سەرسوڕهێنەر و ڕاوێژکار، خودای بەتوانا، باوکی هەتاهەتایی، میری ئاشتی. ⁷ گەشەسەندنی سەرۆکایەتی و ئاشتییەکەی بێ کۆتایی دەبێت. لەسەر تەختی داود و بەسەر شانشینەکەی پاشایەتی دەکات بۆ چەسپاندنی و بەهێزکردنی، بە دادپەروەری و بە ڕاستودروستی لە ئێستاوە و هەتاهەتایە. دڵگەرمی یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەکات.
²⁶ کاتێک ئەلیسابات سکی شەش مانگ بوو، خودا جبرائیلی فریشتەی نارد بۆ شارێک لە ناوچەی جەلیل کە ناوی ناسیرە بوو، ²⁷ بۆ لای پاکیزەیەک کە دەستگیرانی پیاوێک بوو لە بنەماڵەی داود بە ناوی یوسف، ناوی پاکیزەکەش مریەم بوو. ²⁸ جبرائیل هاتە لای مریەم و گوتی: «سڵاو، ئەی ئەو کەسەی نیعمەتی خودات بەسەردا ڕژاوە، یەزدانت لەگەڵە.» ²⁹ بەڵام ئەو بە پەیامەکە زۆر شێوا و بیری کردەوە دەبێت ئەمە چ جۆرە سڵاوێک بێت. ³⁰ فریشتەکە پێی گوت: «مەترسە مریەم، چونکە لەلای خودا ڕەزامەندیت بەدەستهێنا. ³¹ ئەوەتا سکت دەبێت و کوڕێکت دەبێت ناوی لێ دەنێیت عیسا. ³² پایەبەرز دەبێت و بە کوڕی خودای هەرەبەرز ناودەبردرێت، خودای پەروەردگاریش تەختی داودی باوکی پێدەداتەوە. ³³ هەتاهەتایە حوکمڕانی نەوەی یاقوب دەکات، شانشینەکەشی کۆتایی نایەت.» ³⁴ بەڵام مریەم بە فریشتەکەی گوت: «ئەمە چۆن دەبێت، کە من هێشتا پاکیزەم؟» ³⁵ فریشتەکە وەڵامی دایەوە: «ڕۆحی پیرۆز دێتە سەرت و هێزی خودای هەرەبەرز دەبێتە سایەی سەرت. لەبەر ئەوە ئەو پیرۆزەی لێت دەبێت بە کوڕی خودا ناودەبردرێت. ³⁶ ئەوەتا ئەلیساباتی خزمیشت بەو پیرییە سکی پڕە بە کوڕێک. ئەوەی پێیان دەگوت نەزۆک سکی شەش مانگە، ³⁷ چونکە هیچ شتێک لەلای خودا مەحاڵ نییە.» ³⁸ مریەم گوتی: «ئەوەتا من کارەکەری یەزدانم. ئەوەی تۆ دەیفەرموویت با بێتە دی.» فریشتەکەش بەجێی هێشت.
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر © مافی چاپکردن پارێزراوە ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ لەلایەن ببلیکا Biblica® Open Kurdi Sorani Standard Version™ Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc. «Biblica» "ببلیکا" نیشانەی بازرگانییە کە لە لایەن ڕێکخراوی ببلیکاوە لە نووسینگەی مافنامە و نیشانەی بازرگانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا تۆمار کراوە. بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Used with permission. Kurdi Sorani Standard™, Audio Edition. Audio Copyright ℗ 2020 by Biblica, Inc. and Davar Partners International. All rights reserved worldwide.
0:00
0:00