¹ هەر لەو ڕۆژەدا عیسا لە ماڵ هاتە دەرەوە و لە کەناری دەریاچەی جەلیل دانیشت. ² خەڵکێکی ئێجگار زۆر لێی کۆبووەوە، هەتا وای لێهات چووە ناو بەلەمێک دانیشت، هەموو خەڵکەکەش لە کەنارەکە ڕاوەستان. ³ بە نموونە باسی زۆر شتی بۆ کردن و فەرمووی: «جوتیارێک چووە دەرەوە تۆو بکات. ⁴ کە تۆوی دەوەشاند، هەندێکی کەوتنە سەر ڕێگا، باڵندەش هاتن و خواردیانن. ⁵ هەندێکیش کەوتنە سەر زەوییەکی بەردەڵان کە خۆڵی کەم بوو، خێرا سەریان دەرکرد، چونکە زەوییەکەی قووڵ نەبوو. ⁶ بەڵام کە ڕۆژ هەڵهات سووتان و وشک بوون، چونکە ڕەگیان نەبوو. ⁷ هەندێکیشیان کەوتنە نێو دڕکان، دڕکەکان گەورە بوون و خنکاندیانن. ⁸ بەڵام هەندێکی دیکەیان کەوتنە سەر زەوییەکی باش و بەرهەمیان دا، هەندێک یەک بە سەد و هەندێک یەک بە شەست و هەندێکیش یەک بە سی. ⁹ ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت!»
¹⁸ «کەواتە گوێ لە واتای نموونەی جوتیارەکە بگرن: ¹⁹ هەرکەسێک پەیامی شانشین ببیستێت و تێینەگات، شەیتان دێت و ئەوەی لە دڵیدا تۆوکراوە دەیڕفێنێت. ئەمانە ئەو تۆوانەن کە کەوتنە سەر ڕێگاکە. ²⁰ ئەوانەی کەوتنە سەر بەردەڵانەکە، ئەو کەسانەن کە پەیامەکە دەبیستن و دەستبەجێ بە خۆشییەوە وەریدەگرن. ²¹ بەڵام لەبەر ئەوەی کە ڕەگیان نییە و کاتین، کاتێک لەبەر پەیامەکە تووشی تەنگانە و چەوسانەوە دەبن، یەکسەر دەکەون. ²² ئەوانەش کە کەوتنە نێو دڕکەکان، ئەو کەسانەن کە پەیامەکە دەبیستن، بەڵام خەمی ژیان و فریوخواردنی دەوڵەمەندی پەیامەکە دەخنکێنن، ئیتر بێ بەرهەم دەبن. ²³ بەڵام ئەوانەی کەوتنە سەر زەوییە باشەکە، ئەو کەسانەن کە پەیامەکە دەبیستن و لێی تێدەگەن و بەرهەم دەدەن، یەک بە سەد و یەک بە شەست و یەک بە سی.»
⁴⁴ «شانشینی ئاسمان لە گەنجینەیەک دەچێت لە کێڵگەیەکدا شاردرابێتەوە. کەسێک دەیدۆزێتەوە و دیسان دەیشارێتەوە، ئینجا لە خۆشییان دەچێت و هەرچیی هەیە دەیفرۆشێت و ئەو کێڵگەیەی پێ دەکڕێت. ⁴⁵ «هەروەها شانشینی ئاسمان لە بازرگانێک دەچێت کە بە شوێن مرواری نایابدا دەگەڕێت. ⁴⁶ کاتێک مروارییەکی گرانبەها دەدۆزێتەوە، دەچێت هەرچیی هەیە دەیفرۆشێت و مروارییەکەی پێ دەکڕێت.
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر © مافی چاپکردن پارێزراوە ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ لەلایەن ببلیکا Biblica® Open Kurdi Sorani Standard Version™ Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc. «Biblica» "ببلیکا" نیشانەی بازرگانییە کە لە لایەن ڕێکخراوی ببلیکاوە لە نووسینگەی مافنامە و نیشانەی بازرگانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا تۆمار کراوە. بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Used with permission. Kurdi Sorani Standard™, Audio Edition. Audio Copyright ℗ 2020 by Biblica, Inc. and Davar Partners International. All rights reserved worldwide.
0:00
0:00