¹ پێش جەژنی پەسخە، عیسا دەیزانی کاتی هاتووە ئەم جیهانە بەجێبهێڵێت و بۆ لای باوک بگەڕێتەوە، جا ئەوانەی هی خۆی بوون لە جیهاندا خۆشی دەویستن، هەتا ئەوپەڕی خۆشویستن. ² ژەمی ئێوارە بوو، شەیتان خستبوویە دڵی یەهوزای ئەسخەریوتی کوڕی شیمۆن، کە عیسا بەدەستەوە بدات. ³ عیساش کە دەیزانی باوک هەموو شتێکی خستووەتە ژێر دەستی، هەروەها لە خوداوە هاتووە و بۆ خوداش دەگەڕێتەوە، ⁴ لەسەر خوان هەستا و کەواکەی داکەند و خاولییەکی هەڵگرت و لە ناوقەدی بەست. ⁵ پاشان عیسا ئاوی کردە ناو لەگەنێک و دەستی بە شوشتنی پێی قوتابییەکان کرد و بەو خاولییەی کە بە ناوقەدیەوە بەستبووی پێیانی دەسڕییەوە. ⁶ کاتێک گەیشتە سەر شیمۆن پەترۆس، شیمۆن پێی گوت: «گەورەم تۆ پێی من دەشۆیت؟» ⁷ عیسا لە وەڵامدا پێی فەرموو: «ئەمەی ئێستا دەیکەم تۆ لێی تێیناگەیت، بەڵام دواتر تێیدەگەیت.» ⁸ پەترۆس پێی گوت: «هەرگیز پێم ناشۆیت.» عیساش وەڵامی دایەوە: «ئەگەر پێت نەشۆم، لەگەڵ من بەشت نابێت.» ⁹ جا شیمۆن پەترۆس پێی گوت: «گەورەم، تەنها پێم نا، بەڵکو دەست و سەریشم!» ¹⁰ عیساش پێی فەرموو: «ئەوەی خۆی شوشتبێت تەنها پێویستی بە پێ شوشتن هەیە، تەواوی جەستەی پاکە. ئێوەش پاکن بەڵام هەمووتان نا.» ¹¹ عیسا فەرمووی: «هەمووتان پاک نین،» چونکە دەیزانی کێ بە گرتنی دەدات. ¹² پاش شوشتنی پێیان کەواکەی خستەوە سەر شانی و دانیشتەوە، لێی پرسین: «ئایا لەوە تێگەیشتن کە بۆم کردن؟ ¹³ ئێوە بە ”مامۆستا“ و ”گەورە“ بانگم دەکەن و ڕاست دەکەن، چونکە من وام. ¹⁴ جا کە من گەورە و مامۆستاتانم و پێم شوشتن، ئێوەش لەسەرتانە پێی یەکتری بشۆن. ¹⁵ من نموونەیەکم پێدان تاکو ئەوەی بۆم کردن ئێوەش بیکەن. ¹⁶ ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: کۆیلە لە گەورەکەی زیاتر نییە، نێردراویش لەوەی ناردوویەتی زیاتر نییە. ¹⁷ ئەگەر ئەمانەتان زانی، خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە ئەگەر پەیڕەوتان کرد.
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر © مافی چاپکردن پارێزراوە ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ لەلایەن ببلیکا Biblica® Open Kurdi Sorani Standard Version™ Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc. «Biblica» "ببلیکا" نیشانەی بازرگانییە کە لە لایەن ڕێکخراوی ببلیکاوە لە نووسینگەی مافنامە و نیشانەی بازرگانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا تۆمار کراوە. بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Used with permission. Kurdi Sorani Standard™, Audio Edition. Audio Copyright ℗ 2020 by Biblica, Inc. and Davar Partners International. All rights reserved worldwide.
0:00
0:00