¹ «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم، ئەوەی لە دەرگاوە نەچێتە ناو پشتیری مەڕەکان، بەڵکو بە ڕێگایەکی دیکەدا بۆی سەربکەوێت، ئەوە دز و جەردەیە. ² بەڵام ئەوەی لە دەرگاوە بچێتە ژوورەوە، ئەوە شوانی مەڕەکانە. ³ دەرگاوانیش دەرگاکەی لێ دەکاتەوە، مەڕەکانیش گوێ لە دەنگی دەگرن، بە ناو بانگی مەڕەکانی خۆی دەکات و دەیانباتە دەرەوە. ⁴ کاتێک هەموو ئەوانەی خۆی هێنایە دەرەوە، لەپێشیانەوە دەڕوات و مەڕەکانیش دوای دەکەون، چونکە دەنگی دەناسنەوە. ⁵ هەرگیز دوای کەسی بێگانە ناکەون، بەڵکو لێی ڕادەکەن، چونکە دەنگی بێگانە ناناسن.» ⁶ عیسا ئەم نموونەیەی بۆ گێڕانەوە، بەڵام ئەوان تێنەگەیشتن باسی چییان بۆ دەکات. ⁷ لەبەر ئەوە دیسان عیسا فەرمووی: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم، منم دەرگای مەڕەکان. ⁸ هەموو ئەوانەی پێش من هاتوون دز و جەردە بوون، بەڵام مەڕەکان گوێیان لێ نەگرتن. ⁹ منم دەرگاکە. ئەوەی لە منەوە بچێتە ژوورەوە ڕزگاری دەبێت، ئازادانە دێتە ژوورەوە و دەچێتە دەرەوە و لەوەڕگا دەدۆزێتەوە. ¹⁰ دز نایەت بۆ دزین و کوشتن و لەناوبردن نەبێت. بەڵام من هاتووم تاکو ئەوان ژیانیان هەبێت، ژیانێکی پڕ و تەواو. ¹¹ «منم شوانە دڵسۆزەکە. شوانی دڵسۆزیش ژیانی خۆی لە پێناوی مەڕەکاندا دادەنێت. ¹² بەکرێگیراویش شوانی مەڕەکان نییە و مەڕەکانیش هی ئەو نین. کاتێک دەبینێت گورگ دێت، مەڕەکان بەجێدەهێڵێت و ڕادەکات، گورگیش مەڕەکان دەبات و پەرتەوازەیان دەکات. ¹³ کابرا هەڵدێت، چونکە بە کرێ گیراوە و خەمی مەڕەکانی نییە. ¹⁴ «منم شوانە دڵسۆزەکە. مەڕی خۆم دەناسم و ئەوانیش من دەناسن، ¹⁵ هەروەک چۆن باوک دەمناسێت، منیش باوک دەناسم. ژیانم بۆ مەڕەکان دادەنێم. ¹⁶ هەروەها مەڕی دیکەم هەیە کە سەر بەم پشتیرە نین، دەبێ ئەوانیش بهێنم، ئەوانیش گوێیان لە دەنگم دەبێت، جا دەبنە یەک مێگەل و یەک شوان. ¹⁷ لەبەر ئەوە باوک منی خۆشدەوێت، چونکە ژیانی خۆم دادەنێم تاکو وەریبگرمەوە. ¹⁸ کەس لە منی ناستێنێ، بەڵکو خۆم دایدەنێم. دەسەڵاتم هەیە دایبنێم و دەسەڵاتم هەیە بیبەمەوە. ئەم ڕاسپاردەیەم لە باوکمەوە وەرگرتووە.»
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر © مافی چاپکردن پارێزراوە ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ لەلایەن ببلیکا Biblica® Open Kurdi Sorani Standard Version™ Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc. «Biblica» "ببلیکا" نیشانەی بازرگانییە کە لە لایەن ڕێکخراوی ببلیکاوە لە نووسینگەی مافنامە و نیشانەی بازرگانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا تۆمار کراوە. بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Used with permission. Kurdi Sorani Standard™, Audio Edition. Audio Copyright ℗ 2020 by Biblica, Inc. and Davar Partners International. All rights reserved worldwide.
0:00
0:00