¹ بۆیە ئەی خوشک و برایان، لەبەر میهرەبانی خودا لێتان دەپاڕێمەوە لەشتان وەک قوربانییەکی زیندوو پێشکەش بکەن، پیرۆز و پەسەندکراو لەلای خودا، کە پەرستنی هۆشمەندانەتانە. ² شێوەی ئەم دنیایە وەرمەگرن، بەڵکو بە نوێکردنەوەی بیرتان بگۆڕێن، تاکو بە لێکدانەوە بتوانن دەریبخەن خواستی خودا چییە، کە باش و پەسەندکراو و تەواوە. ³ بەو نیعمەتەی پێم دراوە بە هەر یەکێک دەڵێم کە لەنێوتاندایە: با لە نرخ بۆ خۆ دانان زێدەڕۆیی نەکات، بەڵکو لە نرخاندن هۆشیار بێت، بەو بڕە باوەڕەی خودا بە هەر یەکێکی بەخشیوە. ⁴ وەک چۆن لە یەک جەستەدا ئەندامی زۆرمان هەیە، هەموو ئەندامەکانیش یەک کاریان نییە، ⁵ ئێمەش بە هەمان شێوە، هەرچەندە زۆرین، بە یەکبوون لەگەڵ مەسیح ئەندامی یەک جەستەین و هەر ئەندامێک پەیوەستە بە ئەندامەکانی دیکەوە. ⁶ بەڵام بەهرەی جیاوازمان هەیە، بەگوێرەی ئەو نیعمەتەی پێمان دراوە: ئەگەر کەسێک بەهرەی ڕاگەیاندنی پەیامی خودای هەیە، با بەگوێرەی ڕێژەی باوەڕ بێت؛ ⁷ ئەگەر بەهرەی خزمەتکردنی هەیە، با خزمەت بکات؛ ئەگەر بەهرەی فێرکردنی هەیە، با فێر بکات؛ ⁸ ئەگەر بەهرەی هاندانی هەیە، با هانبدات؛ ئەگەر بەهرەی بەخشینی هەیە، با بە دڵفراوانییەوە ببەخشێت؛ ئەگەر بەهرەی ڕابەرایەتیکردنی هەیە، با بە دڵگەرمییەوە بێت؛ ئەگەر بەهرەی بەزەیی هەیە، با بە دڵخۆشییەوە بێت. ⁹ با خۆشەویستی بێ دووڕوویی بێت. ڕقتان لە خراپە بێت و بە چاکەوە بنووسێن. ¹⁰ بە خۆشەویستی برایانە بە دڵ یەکتریتان خۆشبوێ، لە خۆتان زیاتر ڕێز لە یەکتری بگرن. ¹¹ سست مەبن لە دڵگەرمی، لە ڕۆح گەرم بن، خزمەتی مەسیحی خاوەن شکۆ بکەن. ¹² لە هیوا دڵشاد بن، لە تەنگانە ئارام بگرن، لە نوێژکردن پەیوەست بن، ¹³ بەشداری بکەن لە پێویستییەکانی گەلی پیرۆزی خودا، میوانداری خوشک و برا نامۆکان بکەن. ¹⁴ ئەوانەی دەتانچەوسێننەوە داوای بەرەکەتیان بۆ بکەن. داوای بەرەکەت بکەن و نەفرەت مەکەن. ¹⁵ لەگەڵ دڵشادان دڵشاد بن، بگریێن لەگەڵ ئەوانەی دەگریێن. ¹⁶ سەبارەت بە یەکتری هاوبیر بن، بیر لە بڵندی مەکەنەوە، بەڵکو تێکەڵاوی پایەنزمەکان بن. خۆتان بە دانا مەزانن. ¹⁷ خراپەی کەس بە خراپە مەدەنەوە. وریا بن لەبەردەمی هەموو خەڵک ئەوە بکەن کە بە چاک دەزانرێت. ¹⁸ بەپێی تواناتان هەوڵ بدەن کە لەگەڵ هەموو خەڵک بە ئاشتی بژین. ¹⁹ خۆشەویستان، خۆتان تۆڵە مەستێنن، بەڵکو ڕێ بە تووڕەیی خودا بدەن، چونکە نووسراوە: ﴿یەزدان دەفەرموێ، تۆڵەسەندنەوە هی منە، منم سزا دەدەم.﴾ ²⁰ بەڵام: ﴿ئەگەر دوژمنەکەت برسی بوو نانی بدەرێ، ئەگەر تینووی بوو ئاوی بدەرێ. بەمە پشکۆی داگیرساو لەسەر سەری کەڵەکە دەکەیت.﴾ ²¹ با خراپە نەتبەزێنێت، بەڵکو بە چاکە خراپە ببەزێنە.
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر © مافی چاپکردن پارێزراوە ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ لەلایەن ببلیکا Biblica® Open Kurdi Sorani Standard Version™ Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc. «Biblica» "ببلیکا" نیشانەی بازرگانییە کە لە لایەن ڕێکخراوی ببلیکاوە لە نووسینگەی مافنامە و نیشانەی بازرگانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا تۆمار کراوە. بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Used with permission. Kurdi Sorani Standard™, Audio Edition. Audio Copyright ℗ 2020 by Biblica, Inc. and Davar Partners International. All rights reserved worldwide.
0:00
0:00