¹ لەبەر ئەوەی ئێوە لەگەڵ مەسیحدا هەستێنرانەوە، کەواتە بۆ ئەو شتانەی سەرەوە کۆشش بکەن، لەوێ مەسیح لە دەستەڕاستی خودا دانیشتووە. ² بایەخ بەو شتانەی سەرەوە بدەن، نەک ئەوانەی لەسەر زەوین، ³ چونکە ئێوە مردن، ژیانیشتان لەگەڵ مەسیح لە خودادا شاردراوەتەوە. ⁴ کاتێک مەسیح دەردەکەوێت کە ژیانتانە، ئەوسا ئێوەش لەگەڵیدا لە شکۆمەندیدا دەردەکەون. ⁵ کەواتە ئارەزووە دنیاییەکانتان بمرێنن: داوێنپیسی، گڵاوی، هەوەسبازی، ئارەزووی خراپ، چاوبرسیێتی کە جۆرێکە لە بتپەرستی، ⁶ چونکە بەهۆیانەوە تووڕەیی خودا دێتە سەر یاخیبووان. ⁷ ئێوەش جاران ئاوا هەڵسوکەوتتان دەکرد، کاتێک تێیاندا دەژیان. ⁸ بەڵام ئێستا هەموو ئەوانە فڕێبدەن: هەڵچوون، تووڕەیی، قین، بوختان، قسەی ناشیرین لە زارتان. ⁹ لەگەڵ یەکتری درۆ مەکەن، چونکە مرۆڤە کۆنەکە و کردەوەکانتان داکەندووە و ¹⁰ مرۆڤێکی نوێتان لەبەرکردووە، ئەوەی بەگوێرەی وێنەی بەدیهێنەرەکەی بە ناسینی نوێ بووەتەوە. ¹¹ لەوێدا جولەکە و ناجولەکە نییە، خەتەنەکراو و خەتەنەنەکراو، بەربەری و سکیسی، کۆیلە و ئازاد نییە، بەڵکو مەسیح هەموو شتێکە و لە هەمووتاندایە. ¹² بۆیە، ئێوە کە گەلی پیرۆز و خۆشەویست و هەڵبژێردراوی خودان، میهرەبانی و نیانی و بێفیزی و دڵنەرمی و ئارامگرتن لەبەر بکەن. ¹³ بەرگەی یەکتری بگرن، ئەگەر یەکێک سکاڵای لەسەر یەکێک هەبوو، گەردنی یەکتری ئازاد بکەن. وەک مەسیحی باڵادەست لێتان خۆشبوو، ئێوەش لێیان خۆشبن. ¹⁴ لە سەرووی هەموو ئەمانەشەوە خۆشەویستی لەبەر بکەن، کە لە یەکێتییەکی تەواودا هەموویان دەبەستێتەوە. ¹⁵ با ئاشتی مەسیح حوکمی دڵتان بکات، چونکە وەکو ئەندامانی جەستەیەک بۆ ئاشتی بانگکران، هەروەها سوپاسگوزار بن. ¹⁶ با پەیامی مەسیح بە دەوڵەمەندی لە ئێوەدا نیشتەجێ بێت، بەوپەڕی دانایی یەکتری فێر بکەن و ئاگادار بکەنەوە، بە زەبوور و سروود و گۆرانی ڕۆحی بە سوپاسگوزاری لە دڵتاندا گۆرانی بۆ خودا بڵێن. ¹⁷ هەر شتێک دەڵێن و دەیکەن، هەمووی بە ناوی عیسای خاوەن شکۆوە بیکەن، لە ڕێگەی عیساوە سوپاسی خودای باوک بکەن.
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر © مافی چاپکردن پارێزراوە ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ لەلایەن ببلیکا Biblica® Open Kurdi Sorani Standard Version™ Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc. «Biblica» "ببلیکا" نیشانەی بازرگانییە کە لە لایەن ڕێکخراوی ببلیکاوە لە نووسینگەی مافنامە و نیشانەی بازرگانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا تۆمار کراوە. بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Used with permission. Kurdi Sorani Standard™, Audio Edition. Audio Copyright ℗ 2020 by Biblica, Inc. and Davar Partners International. All rights reserved worldwide.
0:00
0:00