⁸ ستایشی یەزدان بکەن و بە ناوی ئەوەوە نوێژ بکەن، کردارەکانی بە گەلان بناسێنن. ⁹ گۆرانی بۆ بڵێن، ستایشی بکەن، هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانی ڕابگەیەنن، ¹⁰ شانازی بە ناوی پیرۆزیەوە بکەن، با دڵی ئەوانە خۆش بێت کە ڕوو لە یەزدان دەکەن. ¹¹ پشت بە یەزدان و هێزەکەی ببەستن، بەردەوام ڕووتان لەو بکەن. ¹² باسی ئەو کارە سەرسوڕهێنەرانە بکەن کە کردوونی، پەرجوو و حوکمەکانی دەمی. ¹³ ئەی نەوەی ئیسرائیلی بەندەی ئەو، ئەی کوڕانی یاقوب، هەڵبژاردەکانی. ¹⁴ ئەو یەزدانی پەروەردگارمانە، حوکمەکانیشی لە سەراپای زەوییە. ¹⁵ بۆ هەتاهەتایە پەیمانەکەی لە یادە، ئەو بەڵێنەی دەیدات بۆ هەزار پشتە، ¹⁶ ئەو پەیمانەی لەگەڵ ئیبراهیم بەستی، ئەو سوێندەی بۆ ئیسحاقی خوارد، ¹⁷ وەک فەرز بۆ یاقوب چەسپاندی، وەک پەیمانێکی هەمیشەیی بۆ ئیسرائیل. ¹⁸ فەرموویەتی: «خاکی کەنعان دەدەمە تۆ، بەشە میراتی خۆتانە.» ¹⁹ ئەو کاتەی ژمارەیان کەم بوو، کەم و نامۆ بوون لەو خاکە، ²⁰ لە نەتەوەیەکەوە دەچوونە نەتەوەیەکی دیکە، لە پاشایەتییەکەوە بۆ گەلێکی دیکە. ²¹ لێ نەگەڕا کەس ستەمیان لێ بکات، بەڵکو لەبەر ئەوان پاشایانی سەرزەنشت کرد: ²² «دەست لە دەستنیشانکراوەکانم مەدەن، خراپە لەگەڵ پێغەمبەرەکانم مەکەن.» ²³ ئەی هەموو زەوی، گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن، ڕۆژ بە ڕۆژ مژدەی ڕزگاریی ئەو ڕابگەیەنن. ²⁴ لەنێو نەتەوەکان شکۆمەندی ئەو ڕابگەیەنن، لەنێو هەموو گەلان کارە سەرسوڕهێنەرەکانی. ²⁵ یەزدان مەزنە و شایانی ستایشی زۆرە، سامناکە بەسەر هەموو خوداوەندەکانەوە، ²⁶ چونکە هەموو خوداوەندەکانی گەلان بتن، بەڵام یەزدان ئاسمانی دروستکردووە. ²⁷ شکۆ و سەربەرزی لەبەردەمیدان، هێز و شادمانی لە نشینگەکەیدان. ²⁸ ئەی هەموو خێڵەکانی گەلان، ستایشی یەزدان بکەن، ستایشی شکۆ و هێزی یەزدان بکەن. ²⁹ ستایشی ناوی شکۆداری یەزدان بکەن، دیاری بهێنن و وەرنە بەردەمی، کڕنۆش بۆ یەزدان ببەن، چونکە شکۆدار و پیرۆزە. ³⁰ ئەی هەموو خەڵکی زەوی لەبەردەمی بلەرزن، جیهان چەسپاوە و هەرگیز نالەقێت. ³¹ با ئاسمان شادبێت و زەوی دڵخۆش بێت، لەنێو نەتەوەکاندا بڵێن: «یەزدان پاشایەتی دەکات!» ³² با دەریا و هەرچی تێدایە بخرۆشێن، با کێڵگە و هەرچی تێدایە شاگەشکە بن. ³³ ئینجا هەموو درەختەکانی دارستان لەبەردەم یەزدان گۆرانی دەڵێن، چونکە دێت بۆ ئەوەی دادوەری زەوی بکات. ³⁴ ستایشی یەزدان بکەن لەبەر ئەوەی چاکە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە. ³⁵ بڵێن: «ئەی خودای ڕزگارکەرمان، ڕزگارمان بکە، لەنێو نەتەوەکان کۆمان بکەرەوە و فریامان بکەوە، بۆ ئەوەی ستایشی ناوی پیرۆزی تۆ بکەین و شانازی بە ستایشکردنی تۆوە بکەین.» ³⁶ ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە. ئینجا هەموو گەل گوتیان «ئامین!» و «ستایشی یەزدان بکەن.»
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر © مافی چاپکردن پارێزراوە ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ لەلایەن ببلیکا Biblica® Open Kurdi Sorani Standard Version™ Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc. «Biblica» "ببلیکا" نیشانەی بازرگانییە کە لە لایەن ڕێکخراوی ببلیکاوە لە نووسینگەی مافنامە و نیشانەی بازرگانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا تۆمار کراوە. بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Used with permission. Kurdi Sorani Standard™, Audio Edition. Audio Copyright ℗ 2020 by Biblica, Inc. and Davar Partners International. All rights reserved worldwide.
0:00
0:00