¹⁴ «هەروەها شانشینی ئاسمان وەک پیاوێکە کە پێش گەشتکردنی، کۆیلەکانی بانگ کرد و ماڵ و سامانەکەی خۆی دایە دەستیان. ¹⁵ پێنج کیسە زێڕی دایە یەکێکیان و ئەوی دیکە دوو کیسە و سێیەمیش یەک کیسە، هەریەکە بەگوێرەی توانای خۆی. ئینجا چووە گەشت. ¹⁶ ئەوەی پێنج کیسە زێڕەکەی وەرگرت، ڕۆیشت و ئیشی پێوە کرد، پێنجی دیکەشی قازانج کرد. ¹⁷ بە هەمان شێوە ئەوەی دوو کیسە زێڕەکەش، دووی دیکەی قازانج کرد. ¹⁸ بەڵام ئەوەی یەک کیسە زێڕەکەی وەرگرت، ڕۆیشت و چاڵێکی لە زەویدا هەڵکەند و زێڕی گەورەکەی تێدا شاردەوە. ¹⁹ «دوای ماوەیەکی زۆر گەورەی ئەو کۆیلانە گەڕایەوە و حیسابی لەگەڵ کردن. ²⁰ ئەوەی پێنج کیسە زێڕەکەی وەرگرتبوو، هات و پێنج کیسەی دیکەشی هێنا و پێی گوت: ”گەورەم تۆ پێنج کیسە زێڕت دامێ، ئەوەتا پێنج کیسە زێڕی دیکەم قازانج کردووە.“ ²¹ «گەورەکەی پێی گوت: ”ئافەرین، ئەی کۆیلەی چاک و دەستپاک! لە کەم دەستپاک بوویت، زۆرت پێ دەسپێرم. وەرە ژوورەوە بۆ خۆشی گەورەکەت.“ ²² «هەروەها ئەوەی دوو کیسە زێڕەکەی وەرگرتبوو، هات و گوتی: ”گەورەم تۆ دوو کیسە زێڕت دامێ، ئەوەتا دوو کیسە زێڕی دیکەم قازانج کردووە.“ ²³ «گەورەکەی پێی گوت: ”ئافەرین، ئەی کۆیلەی چاک و دەستپاک! لە کەم دەستپاک بوویت، زۆرت پێ دەسپێرم. وەرە ژوورەوە بۆ خۆشی گەورەکەت.“ ²⁴ «ئینجا ئەوەی یەک کیسە زێڕەکەی وەرگرتبوو، هات و گوتی: ”گەورەم، زانیم تۆ پیاوێکی دڵڕەقیت، لە شوێنێک کۆدەکەیتەوە کە نەتچاندووە و لە شوێنێکیش دروێنە دەکەیت کە تۆوت نەکردووە. ²⁵ جا ترسام و چووم کیسە زێڕەکەتم لەناو زەویدا شاردەوە. ها ئەوە ماڵەکەتە.“ ²⁶ «گەورەکەی وەڵامی دایەوە: ”ئەی کۆیلەی بەدکار و تەوەزەل! کە زانیت من دروێنە لەو شوێنە دەکەم کە نەمچاندووە، لەوە کۆدەکەمەوە کە تۆوم نەکردووە، ²⁷ دەبووایە زێڕەکەمت لە بانک دابنابووایە، لە گەڕانەوەمدا ئەوەی هی منە لەگەڵ سوودەکەی وەرمدەگرتەوە. ²⁸ «”لەبەر ئەوە ئەو کیسە زێڕەی لێ بسەننەوە و بیدەنە ئەوەی دە کیسە زێڕەکەی پێیە، ²⁹ چونکە ئەوەی هەیەتی، پێی دەدرێت و لێی دەڕژێ، بەڵام ئەوەی نییەتی تەنانەت ئەوەی هەشیەتی لێی دەسەنرێتەوە. ³⁰ کۆیلە بێ سوودەکەش فڕێبدەنە تاریکی دەرەوە، جا گریان و جیڕەی ددان لەوێ دەبێت.“
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر © مافی چاپکردن پارێزراوە ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ لەلایەن ببلیکا Biblica® Open Kurdi Sorani Standard Version™ Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc. «Biblica» "ببلیکا" نیشانەی بازرگانییە کە لە لایەن ڕێکخراوی ببلیکاوە لە نووسینگەی مافنامە و نیشانەی بازرگانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا تۆمار کراوە. بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Used with permission. Kurdi Sorani Standard™, Audio Edition. Audio Copyright ℗ 2020 by Biblica, Inc. and Davar Partners International. All rights reserved worldwide.
0:00
0:00