¹ ڕۆح بە ڕاشکاوی دەفەرموێ کە لە کۆتایی ڕۆژگاردا هەندێک کەس لە باوەڕەکە هەڵدەگەڕێنەوە و بە دوای ڕۆحی چەواشە و فێرکردنەکانی ڕۆحە پیسەکان دەکەون. ² ئەم جۆرە فێرکردنە لە ڕێگەی درۆزنە دووڕووەکانەوە دێت کە ویژدانیان داخکراوە. ³ هاوسەرگیری قەدەغە دەکەن، فەرمانی نەخواردن دەدەن لەو خۆراکەی کە خودا بەدییهێناوە بۆ ئەوەی بە سوپاسی باوەڕداران و ڕاستیناسان وەربگیردرێت. ⁴ هەموو بەدیهێنراوی خودا چاکە، ئەگەر شتێک بە سوپاسەوە وەرگیرا ڕەت ناکرێتەوە، ⁵ چونکە بە وشەی خودا و نوێژەوە پیرۆزکراوە. ⁶ ئەگەر تۆ بەمانە ڕێنمایی خوشکان و برایان بکەیت، ئەوا دەبیتە خزمەتکارێکی باشی عیسای مەسیح، کە بە وشەکانی باوەڕەکە و فێرکردنی باش پەروەردە کرایت و شوێنی دەکەویت. ⁷ ئەفسانەی پووچ و هەقایەتی پیرێژنان ڕەت بکەوە، بەڵام خۆت لەسەر لەخواترسی ڕابهێنە. ⁸ وەرزشی جەستەیی بۆ هەندێک شت سوودبەخشە، بەڵام لەخواترسی بۆ هەموو شتێک سوودبەخشە، چونکە بەڵێنی ژیانی ئێستا و داهاتووی تێدایە. ⁹ ئەم قسەیە ڕاستە و شایانی پەسەندکردنی تەواوە. ¹⁰ بۆ ئەمە ڕەنج دەدەین و تێدەکۆشین، چونکە هیوامان بە خودای زیندووە، ئەوەی ڕزگارکەری هەموو خەڵکە، بە تایبەتیش باوەڕداران. ¹¹ بەم شتانە ڕابسپێرە و فێر بکە. ¹² با کەس سووکایەتی بە گەنجییەتیت نەکات، بەڵکو ببە بە نموونە بۆ باوەڕداران لە قسە و ڕەفتاردا، لە خۆشەویستی و باوەڕ و پاکیتدا. ¹³ هەتا دێم بایەخ بە خوێندنەوەی گشتی نووسراوە پیرۆزەکان و وتاردان و فێرکردن بدە. ¹⁴ ئەو بەهرەیەی لە تۆدایە پشتگوێی مەخە، ئەوەی بە پێشبینی وەرتگرتووە کاتێک پیرانی کڵێسا دەستیان لەسەر دانایت. ¹⁵ بایەخ بەم شتانە بدە، هەموو توانای خۆتی تێدا بەکاربهێنە، تاکو پێشکەوتنت بۆ هەمووان دەربکەوێت. ¹⁶ ئاگاداری خۆت و فێرکردنت بە، لەسەری بەردەوام بە، چونکە ئەگەر ئەمەت کرد خۆت و گوێگرانیشت ڕزگار دەکەیت.
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر © مافی چاپکردن پارێزراوە ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ لەلایەن ببلیکا Biblica® Open Kurdi Sorani Standard Version™ Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc. «Biblica» "ببلیکا" نیشانەی بازرگانییە کە لە لایەن ڕێکخراوی ببلیکاوە لە نووسینگەی مافنامە و نیشانەی بازرگانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا تۆمار کراوە. بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Used with permission. Kurdi Sorani Standard™, Audio Edition. Audio Copyright ℗ 2020 by Biblica, Inc. and Davar Partners International. All rights reserved worldwide.
0:00
0:00