¹⁶ کاتێک پۆڵس لە ئەسینا چاوەڕێی دەکردن، زۆر پەست و بێزار بوو کە بینی شارەکە پڕە لە بت. ¹⁷ بۆیە لە کەنیشت گفتوگۆی لەگەڵ جولەکە و خواپەرستان دەکرد، لە بازاڕیش لەگەڵ ئەوانەی ڕۆژانە تووشیان دەبوو. ¹⁸ کۆمەڵێک فەیلەسوفی ئەپیکوری و ستۆیکی گفتوگۆیان لەگەڵی دەکرد. هەندێکیان دەیانگوت: «ئەم چەنەبازە دەیەوێت چی بڵێت؟» هەندێکی دیکەشیان دەیانگوت: «دیارە بانگەواز بۆ چەند خوداوەندێکی نامۆ دەکات،» چونکە باسی عیسا و زیندووبوونەوەی دەکرد. ¹⁹ ئینجا بردیانە ئاریۆپاگۆس و گوتیان: «دەتوانین بزانین ئەم فێرکردنە نوێیە چییە باسی دەکەیت؟ ²⁰ چونکە شتی سەیرت لێ دەبیستین و دەمانەوێت واتاکەی بزانین.» ²¹ لەبەر ئەوەی هەموو ئەسیناییەکان و ئەو بێگانانەی تێدا دەژیان دەرفەتیان بە هیچ شتێک نەدەدا جگە لە باسکردن و گوێگرتن لە بیروڕا نوێیەکان. ²² پۆڵس لە ناوەڕاستی ئاریۆپاگۆسدا وەستا و گوتی: «پیاوانی ئەسینا، دەبینم لە هەموو لایەکەوە زۆر دیندارن. ²³ کاتێک دەگەڕام و سەیری پەرستراوەکانتانم دەکرد، قوربانگایەکم بینی لەسەری نووسرا بوو: ”بۆ خودای نەناسراو.“ جا ئەوەتان بۆ ڕادەگەیەنم کە دەیپەرستن و نایناسن. ²⁴ «ئەو خودایەی کە جیهان و هەموو شتەکانی ناوی دروستکردووە، پەروەردگاری ئاسمان و زەوییە و لە پەرستگای دەستکرد نیشتەجێ نابێت. ²⁵ بە دەستی مرۆڤ خزمەت ناکرێت وەک ئەوەی پێویستی بە شتێک بێت، چونکە ئەو خۆی ژیان و هەناسە و هەموو شتێک بە هەمووان دەبەخشێت. ²⁶ هەموو نەتەوەکانی لە یەک کەسەوە دروستکردووە، تاکو لەسەر هەموو ڕووی زەوی نیشتەجێ بن، کات و سنوورەکانی نیشتەجێبوونی ئەوانی داناوە و دیاری کردووە، ²⁷ تاکو ڕوو لە خودا بکەن، بەڵکو بیگەنێ و بیدۆزنەوە، هەرچەندە لە هەر یەکێکمان دوور نییە. ²⁸ ”چونکە لە ئەودا دەژین و دەجوڵێین و هەین،“ وەک هەندێک شاعیرانتان گوتیان: ”ئێمەش نەوەی ئەوین.“ ²⁹ «لەبەر ئەوەی کە نەوەی خوداین، پێویستە وا بیرنەکەینەوە کە خودا وەکو پەیکەری زێڕ یان زیو یان بەردینە، کە داهێنان و بیری مرۆڤ شێوەی کێشاوە. ³⁰ لە سەردەمانی نەزانیدا خودا چاوپۆشی کردووە، بەڵام ئێستا فەرمان دەدات بە هەموو کەسێک لە هەموو شوێنێک کە تۆبە بکەن، ³¹ چونکە ڕۆژێکی دیاری کردووە کە تێیدا لە ڕێگەی ئەو پیاوەی کە دەستنیشانی کردووە، بە دادپەروەری جیهان حوکم بدات. بەڵگەشی بە هەمووان داوە کە لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە.» ³² کاتێک گوێیان لە هەستانەوەی مردووان بوو، هەندێکیان گاڵتەیان پێکرد، بەڵام هەندێکی دیکەیان گوتیان: «جارێکی دیکە لەم بارەیەوە گوێت لێ دەگرین.» ³³ ئیتر پۆڵس ئەوێی بەجێهێشت، ³⁴ بەڵام هەندێک کەس لایەنگری پۆڵسیان کرد و باوەڕیان هێنا، لەوانە: دیونیسیۆسی ئەندامی ئاریۆپاگۆس، هەروەها ژنێک بە ناوی داماریس و چەند کەسێکی دیکەش لەگەڵیان.
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر © مافی چاپکردن پارێزراوە ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ لەلایەن ببلیکا Biblica® Open Kurdi Sorani Standard Version™ Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc. «Biblica» "ببلیکا" نیشانەی بازرگانییە کە لە لایەن ڕێکخراوی ببلیکاوە لە نووسینگەی مافنامە و نیشانەی بازرگانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا تۆمار کراوە. بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Used with permission. Kurdi Sorani Standard™, Audio Edition. Audio Copyright ℗ 2020 by Biblica, Inc. and Davar Partners International. All rights reserved worldwide.
0:00
0:00